پێشانگەی تەکنەلۆجیای میدیایی لە دوبەی کرایەوە
ئاڤا نیوز
لە شاری دوبەی ئیمارات، پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیای میدیایی (کابسات 2024) دەستی پێکرد و زیاتر لە 700 براندی جیهانی نوێترین بەرهەمەکانیان تێیدا نمایش دەکەن.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە ڕۆژی یەکەمی پێشانگەکەدا زیاتر لە 10 هەزار کەس ئامادە بوون، چەندین پانێڵی تایبەت بە ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای میدیایی، داهێنانی نوێ لە بواری میدیا، نوێگەری لە پەخشی تەلەڤزیۆنی و ڕادیۆیی، بەرهەمی نوێی کۆمپانیاکان و نمایشکردنی زیاتر لە 700 براندی جیهانی خرانە ڕوو.
وێنە گەورەکە: لە کابساتی ئەمساڵ، گرووپی میدیایی ئاڤا وەک میدیایەکی کوردی بەشدارییان لەو پێشانگەیە کردووە و لە ڕۆژی یەکەمدا چەندین کۆبوونەوە و دیداریان لەگەڵ هاوبەشە میدیاییەکاندا کرد، لە داهاتوویێکی نزیکدا بە شێوازی پرۆفیشناڵانە و سەردەمییانە پەخشی کەناڵی ئاڤا دەبینن.
ژمارەکان وا دەڵێن: زیاتر لە 18 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهانەوە فۆڕمی بەشداریکردنیان لە کابسات 2024 پڕکردووەتەوە, پێشانگەکە سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکرێت هەشت هەزار کەس لە دەرەوەی وڵاتی ئیماراتەوە بەشداری بکەن.