News Feature Image
وێنه‌ی رۆژ

بە ڕێوڕەسمێکی ملیۆنی تەرمی حەسەن نەسروڵڵا بەخاک دەسپێرێت

ئاڤا نیوز

 

ئەمڕۆ یەکشەممە تەرمی حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفیەدین هەردوو ئەمینداریی پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان، لە بەیرووت ڕێوڕەسمێکی ملیۆنییان بۆ سازدەکرێت و دواتریش بەخاک دەسپێردرێن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: 27ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری پێشووتر و 3ی تشرینی دووەمیی هەمان ساڵیش هاشم سەفیەدینی ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان، لە ئەنجامی بۆردومانی چڕی فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری بەیرووتی پایتەخت کوژران، لەو کاتەوە تا ئێستا لە شوێنێکی نهێنیی و بەشێوەیەکی کاتی بەخاکسپێردرابوون، بڕیاریشە ئەمڕۆ هەردووکیان لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا بە خاک بسپێردرێن.

 

بینراو و بیستراو: مەزارگەکەی حەسەن نەسروڵڵا دەکەوێتە سەر ڕێگای کۆن و نوێی فڕۆکەخانەی ڕەفیق حەریری لە بەیرووت و شوێنەکەی دەکرێتە مەزارگەیەکی گەورە و ڕۆژانە پێشوازیی لە هەزاران زیارەتکار دەکات. هاشم سەفیەدینیش لەسەر وەسییەتی خۆی لە شارۆچکەی دیر قانونی باشووری لوبنان بە خاک بسپێردێت.

 

لێدوانی فەرمی: بەوتەی عەلی زاهر، ڕێکخەری باڵای ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفیەدین هەردوو ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان، جگە لە بەشدارییەکی فراوانی خەڵک، لە 79 وڵاتی جیهانەوە خەڵک بانگهێشتکراون و بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەدا دەکەن.

 

لەلایەکی دیکەوە: هەر بەهۆی ئەم مەراسیمەوە ئەمڕۆ چەند پارێزگایەکی عێراق وەک؛ بەغدا، دیوانیە، موسەننا و زیقار، نەجەف، کەربەلا، واست، دیالە، میسان، دەوامی فەرمییان کردووەتە پشوو و دەیان بەرپرس و هەزاران هاووڵاتی عێراقی بەشداری لە ڕێوەڕەسمەکەدا دەکەن.

وێنە: هیوا عەبدوڵڵا

7 کاتژمێر لەمەوپێش
logo Shape