بەوێنە؛ ڕاگەیاندنی پرۆژەی کوردستان فاوندەیشن لە هەولێر
ئاڤا نیوز
کوردستان فاوندەیشن، پڕۆژە گەورە و بێوێنەکەی گەنجانی کوردستان ڕاگەیێنرا، کە لەڕێگەی کۆمەڵێک پلاتفۆڕمەوە خزمەت پێشکەش دەکات و بریتین لە ڤۆڵنتێر کەی ئاڕ دی، جۆبس کەی ئاڕ دی، یوس هاپ، ئیمپاوەر کەی ئاڕ دی و کڵایمت کەی ئار دی.
چیرۆکی سەرەکی: لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی 19 کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی زلهێز و بەهێزی جیهان، پڕۆژەیەكی گەورە و گرنگ و ستراتیژی بەسەرپەرشتی ئارین مەسرور بارەزانی ڕاگەیێنرا، لەمەودوا گەنجان سەكۆیەكی گرنگیان دەبێت بۆ پێشخستنی تواناكانیان، ئەو سەكۆ گرنگەش كوردستان فاوندەیشنە.
لێدوانی فەرمی: ئارین مەسرور بارزانی، دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن، بە جلی کوردییەوە لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی پرۆژەکە گوتارێکی بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی پێشکەش کرد و ڕاست و ڕەوان ئامانجی دامەزراندنی دامەزراوەکەی خستەڕوو و گوتی: ئەم پڕۆژەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە بوو کە وای دەکرد گەنجان بێ ئومێدبن، ئەم دامەزراوە فراوانە درێژەپێدەری ئەو کاروانەیە کە دەستمان پێکردووە بۆیە بە گەشبینییەوە لە داهاتوو دەڕوانین.
گۆشەیەکی دیکە: ئەوەی لە مەراسیمی ئەمڕۆ جێگەی سەرنجی هەمووان بوو، ئامادەیی غانم میفتاح بوو، ئەو گەنجە بەهرەدارە خاوەن پێداویستییە تایبەتە كە لە ئاهەنگی دەستپێکردنی مۆندیالی 2022ی قەتەر سەرنجی ملیاران کەسی بۆ لای خۆی ڕاكێشا.